بەئامادەبوونی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری عێراق، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی لقی هەولێر بە یاوەری شاندی هەرێمی کوردستان، لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئورمیە کوبوونەوەیەکیان ئەنجامدا
ئەمڕۆ هەینی 2023.6.2، بەڕێز (گیلان حاجی سعید) سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی لقی هەولێر بە یاوەری شاندی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتووە لە سەرجەم پارێزگار و سەرپەرشتاری ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان – ئێران و ژوورە بازرگانییەکان و یەکێتی هاوردە و هەناردەکاران، بەیاوەری پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا”ئورمیە” لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و بە مەبەستى بە هێزکردنى جوڵە و ڕهوشی بازرگانی لە دەروازەی سنوورییەکان، سەردانى ژوورى بازرگانى و پیشهسازیی ئورمیەى کرد و لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی ژوورەکەوە بەگەرمی پێشوازیان لێکرا.
له کۆبوونەوەیەکدا، بە ئامادەبوونی سەید عەلی تەبا تەبائی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری عێراق، جەخت لە سەر پتەوکردنى پەیوەندییە پیشەسازى و بازرگانیەکانیەکان و پێشخستی زیاترى کرایەوە و تیشك خرایە سەر ڕەوشی ئابووری و چۆنیەتى بەهێزکردنى جوڵە و ڕهوشی بازرگانی لە دەروازەی سنوورییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران، پاشان گفتوگۆ لە بارەی چۆنیەتی دۆزینەوەی رێگاچارەى گونجاو کرا بۆ بەرەوپێشبردنى ڕەوشی ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانى و وەبەرهێنان لە نێوان هەردولادا.
لە کۆتایشدا لەلایەن سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی لقی هەولێر و پارێزگارانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و هەڵبجە و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان، قەڵغانی ڕێزلێنان پێشکەش بە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری عێراق و پارێزگاری ئورمییە و سەرۆکی ژوورى بازرگانى و پیشهسازیی ئورمیە کرا.



