هەواڵەکانهەواڵەکان

سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی لقی هەولێر بەشداری یەکەمین کۆبوونەوەی پارێزگارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد لە ئورمییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023.6.1، بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری بازرگانی و پارێزگارانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵبجە و پارێزگارانی ئازربایجانی ڕۆژئاوا”ئورمیە”، سنە، کرمانشان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، سۆران، ڕاپەڕین، یەکەمین کۆبوونەوەی پارێزگارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری وڵاتی ئێران و بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان – ئێران و ژوورە بازرگانییەکان و یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەی ببوون، چەندین وتار پێشکەش کران لە بارەی پتەوکردنی پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان هەردوولا و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان.

هەریەک لە جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری بازرگانی و پارێزگاری ئورمییە و کرمنشان و سنە، لەوتارەکانیاندا، تیشکیان خستەسەر گرنگی نجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە گشتیەکان و پەیوەندییە ئابوورییە هاوبەشکان، هەروەها زۆر سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ هاوکاری و پاڵپشتیان لە بەرە و پێشوەچوونی ئەو پەیوەندییانە، کە بۆتە هۆی کاری هاوبەش و پێشخستن و بەرفراوانکردنى بەرژەوەندییەکانی نێوان هەردوولا و بە هێزکردنى جوڵە و ڕه‌وشی بازرگانی له‌ دەروازەی سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران بەشێوەیەکی شتی و بەتایبەتی لە خاڵی سنووری نێودەوڵەتی “حاجی ئۆمەران- تەمەرچین”، هیواشیان خواست بە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری یەکتر و لێکتێگەیشتنی زیار و دانانى ڕێو شوێن و میکانیزمى پێویست، پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ.

ئینجا وەزیری ناوخۆی ئێران، لەوتارێکدا ستایشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لەبارەی سەردانی زیارەتکارانی ئێرای بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێاق لەڕێگەی هەرێمی کوردستنەوە بۆ هەموو ئەو هاوۆاری وئاسانکاریانەی لەهەموو بوارەکانی دابینکردنی ئاسایش و گواستنەوە و مانەوەیان لە هەولێری ئایتەخت و گوتی: “مایەی سەرسامیم بوو لەو هەموو خزمەتەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکەش بەهاوڵاتیانمان کرا و سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت پارێزگاری هەولێر”.

پاشان پارێزگاری هەولێر، بەناوی شاندی هەرێمی کوردستان، سڵاو وڕێزی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاند و تەئکیدی لەوە کردەوە کە ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاڵشت و هاوکارە بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە گشتی و ئابوورییەکان و هیوای بەڕێزیان ئەوەیە ئەم دیدارە بەرهەمداربێت، هەروەها سڵاوی بەڕێز وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گەیاند بە ئامادەبووانی کۆبوونەوە و گوتی، کە بەڕێزیشان لەپێناو پێشەوەبردنی پەیوەندیەکان پاڵپشت و هاوکارە، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەشی کرد کەبوونە هۆکار بۆ ئەنجامدانی ئەو دیدار و کۆبوونەوەیە فراوانە و گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان، خواستی ئەوەیە پەیوەندییەکی باش و تۆکمەی هەبێت لەگەڵ سەرجەم وڵاتان بەتایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، داوای پاڵپشتیشی لە وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد بۆ کردنەوەی دەروازەی “سیدەکان، کێلەشین، شنۆ” و ڕایگەیاند: کردنەوەی ئەم دەروازەیە جگە لەوەی سوودی زۆری دەبێت بۆ دانیشتوانی ناوچەکە لەهەمانکاتدا دەبێتە دەروازەیەکی تری گرنگی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەباشییەکمان کردووە و ئامادەین بۆ کردنەوەی، دەخوازین بەڕێزیشتان پاڵپشت بن بۆ ئەو دەروازەیە کە سوودی زۆری هەیە بۆ هەردوو لامان.

دواتر، هەریەک لە پارێزگارانی سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان، وتاریان پێشکەش کرد و تیشکیان خستەسەر بەرەو پێشچوونی پەیوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان، هەروەها ئومێدیان خواست ئەم کۆبوونەوە و دیدارەکانی داهاتوو ببێتە هۆی داڕشتنی میکانزمێک بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کەم و کوڕییەکان و هەنگاوێک بێت بۆ پێشخستنی ئاڵوگۆری بازرگانی و پەرەپێدان و بوژاندنەوەی زیاتر کەرتی وەبەرهێنان و پیشەسازی و گەشت و گوزار.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *