سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی لقی هەولێر سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی کرد.
ئەمڕۆ بەیانی ٧/٥/٢٠٢٣ شاندی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی لقی هەولێر بە سەرۆکایەتی بەڕێز (گیلان حاجی سعید) سەرۆکی لقی هەولێر بە یاوەری چەند بازرگانێکی خاوەن کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بەشداریان لە مەراسیمی کردنەوەی پێشانگای (ئێران ئێکسپۆ) کرد لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران.
لە دەسپێكی كۆنفرانسەكەدا سەرۆك كۆماری ئێران وتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا ئاماژەی بەوەدا كە ئەم پێشانگایە گەورەترین پێشانگای هەناردەكارانی ئێرانە و زیاتر لە 750 كۆمپانیای ئێرانی بەرهەم و كاڵاكانیان نمایشكردووە و زیاتر لە 1000 كەسایەتی ئابووری و بازرگانی لەسەر ئاستی باڵا و 60 شاندی فەرمی لە 40 وڵاتی جیاوازەوە بەشداریان كردووە.
ئەم پێشانگایە یەکێکە لە گەورەترین پێشانگاکانی هەناردەکارانی ئێران تیایدا پیشەسازی خۆراک ، ئاژەڵ، پەلەوەر ، پیشەسازی گشتی، پێداویستی و کەرەستەی ناوماڵ، چنین و چەرم و پۆشاک، فەرشی دەستچن و کاری دەستی و گەشتیاری، بەرهەمە کیمیایی و تەندروستیەکان، ئامێرە پزیشکی و تاقیگەییەکان، بیناسازی و تەکنیکی ئەندازیاری ، کانزا و پترۆکیمیایی نمایش دەکرێت.








