هەواڵەکان

لقی هەولێری هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بەشداری کردنەوەی شازدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بیناسازی (Build Expo 2026) کرد

ئەمرۆ بەرواری ٢٧-٨-٢٠٢٩ بەڕێز (ڕسوڵ حاجی عمر ) سەرۆکی لقی هەولێری هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان وە هەروەها بەڕێز ( شێخ خالید وەرتی ) جێگری سەرۆک لق و بەڕێزان (دشوان شێرزاد شێخل ،هێمن رمضان) لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی لقی هەولێر و بەڕێز (شێخ مصطفی عبدالرحمان ) وە هەروەها بە ئامادەبوونی بەرێز(ساسان عوسمان عونی ) وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێز (سەروەر کمال هاوار ) بریکاری وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی وە بەرێز (د.محمد شکری) سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان و بەڕێز (ئومێد خۆشناو ) پارێزگاری هەولێر و بەرێز (سەفین دزەیی ) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک لە بەرپرسانی حکومی و حزبی بە مەبەستی پشتگیریکردن و بەهێزکردنی کەرتی بازرگانی و پیشەسازی بەشدارییان لە کردنەوەی شازدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بیناسازی (Build Expo 2026) لە شاری هەولێر لە پارکی سامی عبدالرحمان کرد

ئەم پێشانگایە یەکێکە لە گرنگترین بازرگانی و پیشەسازییەکان لە بواری بیناسازی، کۆنکرێت و ماددە ساختمانییەکان، تەکنەلۆجیا و ئامێرەکانی بیناسازی، دیزاین و تەجهیزات و خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان، کە پێکهاتبوو لە (٤٥٠) کۆمپانیای هەرێمی کوردستان و عێراق و وە هەروەها (٢٠ ) وڵاتی بیانی بەشدارییان تێدا کرد،

بەشداریی لقی هەولێری هاوردە و ناردنکاران لەم پێشانگایەدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان، ناساندنی تواناکانی بازاڕی هەرێمی کوردستان، دروستکردنی دەرفەتی نوێی هاوبەشی بازرگانی و ڕاکێشانی وەبەرهێنان و تەکنەلۆجیا بۆ ناوچەکە.

لە ماوەی بەشدارییەکەدا، سەرۆکی لقی هەولێر و شاندی یاوەری لە نزیکەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆمپانیا و بەرهەمهێنەر و بازرگانانی بواری بیناسازی و کەرتی ساختمانی دیدار و گفتوگۆیان کرد و لەسەر ئەوەی چۆن بتوانرێت پەیوەندییە بازرگانییەکان فراوانتر بکرێن و هەلی هاوکاری و هاوبەشی لە نێوان کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دروست بکرێت، گفتوگۆیان لەگەڵ کرد.

گرنگیی ئەم پێشانگایە تەنها لە پیشاندانی بەرهەم و خزمەتگوزارییە نوێکاندا نییە بەڵکو پانێڵێکی گرینگی تێدا پێشکەش کرا لەلایەن چەند بەرپرسێکی حکومی و شارەزای بواری بازرگانی وە هەروەها دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون گواستنەوەی تەکنەلۆجیا، ناسینی پێداویستییەکانی بازاڕ، پەرەپێدانی کۆمپانیاکان و بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ.

لقی هەولێری هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان باوەڕی وایە کە پەرەپێدانی کەرتی بیناسازی و کەرتە پەیوەندیدارەکان، ڕۆڵێکی گرنگ لە گەشەکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان و دروستکردنی هەلی کار و وەبەرهێنان هەیە. بۆیە بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بازرگانان، کۆمپانیاکان، وەبەرهێنەران و دامەزراوە بازرگانییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم.

هەروەها بەشداریی لەم جۆرە پێشانگایانەدا دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی کۆمپانیا و بازرگانانی هەرێم بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرهەمهێنەر و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان پەیوەندی دروست بکەن و لە داهاتوودا ڕێگە بۆ هاوردەکردنی تەکنەلۆجیا و بەرهەمی نوێ و هەروەها هەناردەکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان بۆ بازاڕە جیهانییەکان خۆش بکرێت.

لقی هەولێری هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پشتیوانی لە کۆمەڵگەی بازرگانی و پیشەسازی، بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و دروستکردنی پلەیەکی بەهێز لە نێوان کۆمپانیا و بازرگانانی هەرێم و هاوبەشە بازرگانییەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی.

پێشانگیا (Build Expo 2026 )تەنها پێشانگایەک نییە بۆ پیشاندانی بەرهەم بەڵکوو پلاتفۆرمێکی گرنگە بۆ پەیوەندی، هاوبەشی، وەبەرهێنان و داهاتوویەکی بەهێزتر بۆ کەرتی بیناسازی و ئابووری هەرێمی کوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *