هەواڵەکان

لقی هەولێری هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئابووری و بازرگانی لەنێوان کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی کۆماری چین کرد

لە بەرواری ٢٦-٨-٢٠٢٦ بەڕێز (ڕسوڵ حاجی عمر) سەرۆکی لقی هەولێری هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان و بەڕێز (شێخ خالید وەرتی) جێگری سەرۆکی لقی هەولێر ، و بەڕێزان (حاجی عبدالخالق زرار و د. شوان شێرزاد شێخل )لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی لقی هەولێربر ئامادەبوونی بەڕێز (گەیلان حاجی سعید ) سەرۆکی ژوورە بازرگانیەکانی هەرێمی کوردستان وە بەڕێز (شێخ مصطفی عبدالرحمان)، کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئابووری و بازرگانی لەنێوان کۆمەڵێک لە بازرگانان، خاوەنکاران و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای بازرگانیی کۆماری چین، بە ئامادەبوونی جێگری کونسوڵی گشتی کۆماری چین لە هۆتێلی شیراتۆن ـ هەولێر بەڕێوەچوو.

ئەم کۆبوونەوەیە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چین و دروستکردنی پردێکی بەهێزتر بۆ پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەنێوان کۆمپانیا و بازرگانانی هەردوو لایەن.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەلی وەبەرهێنان، هاوکاریی بازرگانی، زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هێنانی بەرهەم و تەکنەلۆژیای نوێ، پەرەپێدانی پرۆژە ئابوورییەکان و بەشداریی کۆمپانیا چینییەکان لە بازاڕی هەرێمی کوردستان کرا.

هەروەها، ئەم جۆرە دیدارانە دەرفەتێکی گرنگن بۆ ناساندنی تواناکانی بازاڕی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی چین و هەروەها بۆ ناسینی زیاتر لە تواناکان، پێداویستییەکان و هەلی بازرگانیی بازاڕی چین لەلایەن بازرگانانی هەرێمەوە.

لقی هەولێری هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز و بەردەوام لەنێوان کۆمەڵگای بازرگانیی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا و دامەزراوە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، بە مەبەستی کردنەوەی دەرگای زیاتر بۆ بازرگانی، وەبەرهێنان، هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوام.

ئومێدەوارین ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چین و هەنگاوێکی کرداری بێت بەرەو دروستکردنی پڕۆژە و هاوبەشییە بازرگانییە نوێکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *